Accessibility links

ئەنوەر خزری، زیندانی ئایینی کورد دوای چەندین ساڵ زیندانیکردن لەسێدارە دەدرێت


ئەنوەر خزری ، زیندانی ئایینی کوردی خەڵکی مەهاباد، بەرەبەیانی ڕۆژی چوار شەممە،1ی مانگی پێنج دوای 14 ساڵ زیندانیکردن لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لەسێدارە درا.

رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند ئەنوەر خزری پێش لە سێدارەدانی تەنانەت لە مافی دوابینینی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی "ئەم زیندانییە ئایینییە ڕۆژی سێ شەممە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە و بۆ دواجار ڕێگەی پێنەدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت."

ئەنوەر خزری لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ 6 بەندکراوی دیکەی کورد بە تۆمەتی " گەندەڵی لەسەر زەوی (افساد فی‌الارض) " سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا درابوو.

بە پێی هەواڵێکی رێکخراوی هەنگاو لە ماوەی پاییز و زستانی ساڵی ڕابردوودا سزای چوار بەندکراوی دیکەی ئەو دۆسیەیە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داود عەبدوڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی لە زیندانی قزڵحەسار جێبەجێکرا و لە سێدارە دران.

ئەنوەر خزری، کامەران شێخە، خەسرۆ بەشارەت، داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستە لە ساڵی 2009 لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ چەندین مانگ لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ڕووبەڕووی قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لێیان.

ئەو زیندانیانە لە یەکەم دانیشتنی دادگا لە ساڵی 2016 بە تۆمەتەکانی وەک "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" و "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفیەکان" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و دواتر دوای ئەوەی پارێزەری دۆسیەکەیان ناڕەزایەتی سەبارەت بە سزاکەیان دەربڕی، دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای باڵا کرا و لە ساڵی 2017 بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان هەڵوەشایەوە.

بەڵام دوای ئەوەی دۆسیەی ئەو حەوت زیندانییە جارێکیتر ڕەوانەی دادگایەکی ئینقلابی تاران کرا، هەر حەوتیان لە مانگی سێی ساڵی 2018 جارێکی تر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرایەوە و لە کۆتایشدا سزاکەیان لە ساڵی 2020 لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکرایەوە.

ئەنوەر خزری، کامەران شێخە و خەسرۆ بەشارەت لە دۆسیەیەکی دیکەی جیادا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"ی پیاوێکی ئایینی سوننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا دادگاییکران و ساڵێک دوای ئەوە لە هەمان رێکەوتدا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارات بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کوشتندا" سزای 10 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا و کامران شێخەش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

ئەنوەر خزری چەند ساڵێک لەمەوبەر لە نامەیەکدا کە لەناو زیندانەوە بڵاویکردبووە، بە وردی باسی بەسەرهاتی خۆی و ئەو ئەشکەنجانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە کردبوو. ناوبراو لە نامەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو "لەسەر داوای داواکاری گشتی مەهاباد، بە پێی خۆم و بە بێ ئەوەی دەستبەسەر بکرێم، سەردانی داواکاری گشتیم کردووە، بەڵام لەوێ دەستبەسەر کرام و گواسترامەوە بۆ ناوەندی ئەشکەنجەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ورمێ و دواتریش سەرەتا لەلایەن دەزگای ئاسایشی ئێرانەوە داوای هاوکاریکردن و سیخوڕیی کردنیان لێکردم و پاش ئەوەی من ڕەتمکردەوە، لە سیناریۆیەکی پێشوەختە داڕێژراودا تۆمەتی درۆ و بێ بنەمایان دایە پاڵم."

شایانی باسە کە خزری لە هەموو قوناغەکانی دادگاییکردنیدا ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی، ڕەتیکردبووە و هەروەها لە تۆمەتی کۆشتنی بە ئەنقەستی کەسێکیش کە درابووە پاڵ ئەو زیندانییە، دادگاە هیچ کاتێک بەڵگەکانی سەبارەت بەو تۆمەتە نەخستبووە ڕوو. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ پێیان وایە لەسێدارەدانی ئەو چەند کەسە لەوانەش ئەنوەر خزری لەسەر داواکاری دەزگای ئاسایش و ئیتلاعاتی ئێران بووە و پەیوەندی بە پرسی قانونی و تاوانەوە نەبووە.

پێشتر ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە مانگی یەکی ئەمساڵ بە ئاماژەدان بە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە سەرانسەری ئێران، هۆشداری دابوو لەمەڕ لەسێدارەدانی زیندانییانی ئەو دۆسیەیە و جەختی لەوە کردبوووە کە دادگاییکردنی ئەو چەند کەسە بە شێوەیەکی بەرچاو نادادپەروەرانە بووە و ئەشکەنجەدراون و مامەڵەی خراپی دیکەیان لەگەڵدا کراوە.

ئەو ڕێکخراوە جیهانییە ڕایگەیاندبوو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای له سێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سه ڕکوتکردنی کەمایەتییەکان و خۆپیشاندەران و نەیارانی بەکاردەهێنێت و له هەمان کاتدا دەستڕاگەیشتنی کەمایەتییە نەنەتەوەیی و ئایینییەکان بۆ خوێندن و کار و پێگه ی سیاسی سنووردار دەکات.

XS
SM
MD
LG