Accessibility links

یاسای عێراق دژ بە هاوڕەگەزخوازان تا لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەندنەکرێت لە هەرێم کارانابێت


دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد کە پەیوەندی هاوڕەگەزخوازانی تێدا بە تاوان دەکرێت و ئەگەری سزای زیندانیکردنی بۆ 15 ساڵ هەیە، نیگەرانی لای هاوڕەگەزخوازانی هەرێم بڵاوبۆتەوە لەسەر لێکەوتەکانی یاساکە بۆ زیاتر بەرتەسککردنەوەی مافەکانیان.

سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەڵێت ئەم یاسایە لە هەرێمی کوردستان تەنها کاتێک کاری پیدەکرێت ئەگەر پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستان پەسەندی بکات.

لە نێو فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق، تەنها نەوەی نوێ بڕیاریداوە بەشداری دانیشتنەکە نەکات، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتییش بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت ڕێگەیان گرتووە لەوەی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی یاساکە پابەندبکرێت.

ئەیاد کاکەیی، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو پرۆژە یاسایانەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێن لە کوردستان جێبەجێناکرێن، چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سەربەخۆیە و خاوەنی هەر سێ دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری خۆیەتی."

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی شەممە پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز گۆڕین و سزای 10-15 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دیاریکرد. پەرلەمانی عێراق بڕیارەکەی لە یاسای "ڕووبوونەوەی لە شفرۆشی" کە ماوەی 36 ساڵە کاری پێدەکرێت، جێکردەوە و بە دەنگی 170 پەرلەمانتار پەسەندکرا.

ئەم هەنگاوەش لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و گروپەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤەوە سەرکۆنە کرا و دەڵێن نوێترین هێرشە بۆ سەر کۆمەڵگەی مافی مرۆڤ وهاوڕەگەزخوازان لە وڵاتەکەدا.

بەڵام یاساناسان دەڵێن بڕیارەکە دەبێت لە لایەن پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندبکرێت بەرلەوەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

گرفتی هاوڕەگەزخوازان لە هەرێمی کوردستان
please wait

No media source currently available

0:00 0:04:38 0:00

لە ماددەی 77 بڕگەی سێیەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بەرکارکردن یان هەموارکردنی کارپێکردنی یاسای فیدراڵیەکان لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەکرێت و پەسەند دەکرێت. واتا هەر یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق دەرچوو، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەتوانێت پەسەندی بکات بۆ کارپێکردنی.

ئەیاد کاکەیی سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بە پێی دەستور لە ماددەی 117 دا هاتووە، هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دانپێدانراوە، هەربۆیە ئەو پرۆژە یاسایانەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێن، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە. ئێستا حاڵی حازر هەرێمی کوردستان پەرلەمانی نییە، بۆیە لە دادگاکان ئەو پرۆژە یاسایەی کە دەرچووە کاریان پێناکرێت، کاتێک کاریان پێدەکرێت کە پەرلەمانی نوێ یاساکە بە پێویست بزانێت و دانیشتنی لەسەر بکات و پەسەندی بکات."

بە پێی هەمواری یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لە شفرۆشی، ژمارە 8ی ساڵی 1988، کە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندیکرد، جگە لە وشەی "لەشفرۆشی" وشەی "هاوڕەگەزخوازی" لە یاساکە زیادکراوە پێناسەکراوە بە "ئەو پەیوەندیە سێکسیەی کە لەنێوان دوو کەسی یەک ڕەگەز ئەنجامدەدرێت، یاخود گۆڕینی هاوسەران یان دەڵاڵی لەو بوارەدا یاخود بە کارهێنانی شوێنێک بۆ کاری لەشفرۆشی."

لە یاساکەدا هاوڕەگەزخوازی بە تاوان دانراوە و هەر کەسێک پەیوەندییەک دروست بکات کە بچێتە چوار چێوەی "لادانی سێکسی" سزا دەدرێت و سزاکەشی لە حەوت ساڵ کەمتر نییە و بە پێبژازاردنی 10 ملیۆن دیناری عێراقی کەمترنییە.

هەر کەسێکیش ڕەگەزى خۆى بگۆڕێت، لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن سزادەدرێت و ئەو پزیشکەى کە نەشتەرگەرییەکەشی بۆ کردووە هەمان سزا دەیگرێتەوە. ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەر کەسێک بە "هاوڕەگەزخوازییەوە تێوەبگلێت" بە زیندانیکردن سزا دەدرێت، کە لە 10 ساڵ کەمترنەبێت و 15 ساڵ زیاترنەبێت.

لە دانیشتنی ڕۆژی 27ی ئەم مانگەدا کە پرۆژە یاساکە دەنگی لە سەردرا، جگە لە فراکسۆنی نەوەی نوێ کە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون، تەواوی فراکسیۆنە کوردەکانی دیکە دەنگیان بە پرۆژە یاساکەداوە.

دەنگی ئەمەریکا ویستی ڕای نەوەی نوێ وەربگرێت لەسەر هەڵویستی بەشدارینەکردنیان، بەڵام ئامادەنەبوون هیچی لە بارەوە بڵێن.

دیمەنی کۆبوونەوەیەک لە پەرلەمانی عێراق.
دیمەنی کۆبوونەوەیەک لە پەرلەمانی عێراق.

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە وەکو فراکسیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بووین، هەوڵێک هەبوو لە نێو پەرلەمان تا بڕگەیەک بۆ پرۆژە یاساکە زیاد بکرێت و هەرێمی کوردستانی پێوە پابەندبکەن، بەڵام ئێمە ڕێگەمان نەدا."

هاوڕەگەزخوازانی هەرێمی کوردستان چەندە نیگەرانن لە ناوەڕۆکی یاساکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هێندەش نیگەرانن لە خراپی دۆخی ژیانیان لە هەرێمی کوردستان.

چاوەڕوان ناوی نهێنی کوڕە هاوڕەگەزخوازێکی خەڵکی هەولێرە کە لە سلێمانی نیشتەجێیە و لە بارەی گرفتەکانی پێشی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێمە لە هەرێمی کوردستان ژمارەمان زۆرە کە هاو ڕەگەزخوازین و کێشەشمان زۆرە، چونکە لە سەر شەقام دەوەستین و پۆلیس دەمانگرێت و سوکایەتیکان پێدەکات و ئازارمان دەدات، تەنانەت میلی چەک دەهێننەوە و دەڵێن نەجوڵێن تا دەستگیرمان بکەن و بمانبەن بۆ زیندان."

وتیشی، "کە دەمانبەنە زیندان دۆسیەمان بۆ دەکەنەوە و دواتر بە کەفالەت ئازادمان دەکەن."

چاوەڕوان دەڵێت ئەو تا ئێستا 5 جاری جیاواز لە لایەن هێزە ئەنمنییەکانەوە گیراوە تەنها لەبەر هاوڕەگەزخوازی بوونی.

ڕایگەیاند، "شتەکە بەدەستخۆمان نییە کە ئێمە هاو ڕەگەزخوازین، ئەوان پێمان دەڵێن نابێت ئەم کارە هەبێت لێرە."

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئەم پرسە بەدەنگی ئەمەریکا ڕاگەیاند، "هیچ پەیوەندیەکمن بەسەر هاوڕەگەز خوازانەوە نییە."

وتەبێژی پۆلیس دەستگیرکردنەکانی بە "پاراستنی ئادابی گشتی" لەقەڵەمدا و ڕایگەیاند، "هەرکەسێک ئادابی گشتی تێکبدات و هەر کەسێک سکاڵای لە سەریان بێت ئەوە بڕیاری دادوەر جێبەجێدەکەن، بەڵام تا ئێستا کەسیانمان لێیان دەستگیرنەکردووە."

چاودێران دەڵێن جگە لە هاوڕەگەزخوازان، یاسا نوێکەی عێراق لە هەمانکاتدا پەلدەکێشێت بۆ تەسککردنەوەی ئازادی تاکەکەسی بە شێوەیەکی گشتی.

یەکێک لە گۆڕانکارییەکانی نێو هەمواری یاساکە بریتییە لە بڕگەی سێهەمی مادەی یەکەم کە تێیدا هاتووە، "ئەو پیاوانەی بەمەبەست خۆیان وەک ژنان دەشوبهینن، یاخود ئەو کەسانەی ڕیکلام و هاندان بۆ ئەو بابەتە دەکەن، سزادەدرێن و سزاکەشیان لە ساڵیک کەمتر نییە و لە سێ ساڵ زیاتر نییە."

بە گوتەی کۆمەڵناسێک بەشێک لە ناوەڕۆکی پرۆژە یاساکە دژ بە ئازادی تاکەکەسیە و نە دەبوو بەو شێوەیە پەسەند بکرێت، کە کۆت و بەند لەسەر تاکەکان دروست بکات.

محەمەد جاسم کۆمەڵناس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئەم جۆرە پرۆژە یاسایانەی کە پەرلەمانی عێراق پەسەندی دەکات، وردە وردە پەل دەکێشێت بۆ پرۆژە یاسای دیکەش کە ئازادی تەواوی تاکە کەسی تێدا نەهێڵێت.

XS
SM
MD
LG